رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاشکرا کرد و، راشیگەیاند سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بایدن باسی مووچە و هەڵبژاردنەکانی کرد.
وەک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر (16-4-2024) بڵاوکراوەتەوە "سەرۆک بایدن و سەرکوەزیران سوودانی روانینی خۆیان لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکیی سەقامگیری و گەشانەوەی عێراق خستەڕوو."
رۆژی شەممە، 13ـی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت؛ رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسان لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا ''دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە درێژخایەنانەی هەن، لەنێویاندا رێککەوتنی ئەو دواییانە بۆ پێدانی دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
دوو مووچە و رێککەوتنەکەی لە کۆشکی سپی باسیان کرا، ئەوەیە کە ئەم مانگە دوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەئەنجامی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر دابەشکرا. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار وەریگرتوون، لەوانەش ئەندامێکی ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردبوو، لەمەودوا بەغدا مانگانە پارەی تەواوی مووچە دەنێرێت و وەک مانگەکانی پێشوو نابێت، کە هەرێمی کوردستان ناچار بێت بە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەڵوێستی بەمشێوەیەیە ''هاندەرە بۆ ئەوەی ئەو هەوڵانە بەردەوام بن.''
رۆژی 03-04-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان "سەرۆک بایدن پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە عێراق لەنێویاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفافانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق."
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ 11 کورسییەکەی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت "تورکمان، کریستیان، ئەرمەن" دەبێت کە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا کورسیی کۆتاکان نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ